
ئاسۆ- تایبه‌ت
حه‌سه‌ن تۆران ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی به‌ره‌ی توركمانی ڕووداوه‌كانی ئه‌مڕۆی شاری كه‌ركوكی به "كار و بیركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌كی" وه‌سفكرد و داوای له خه‌ڵكی شاره‌كه كرد كه به "عه‌قڵ و مه‌نتیق" مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕه‌وشه‌كه‌دا بكه‌ن
دوای ته‌قینه‌وه تیرۆریستییه‌كه‌ی ناو خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی كه‌ركوك، له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ رۆژنامه‌ی ئاسۆ، حه‌سه‌ن تۆران ڕایگه‌یاند: "ده‌ستێكی ده‌ره‌كی ئه‌و ڕووداوه‌ی قۆسته‌وه بۆ كاری توندوتیژی". وتیشی: "دڵنیاین كه ئه‌و توندوتیژییانه ده‌ست و بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كه‌ركوكی تێدا نیه".
سه‌باره‌ت به‌و هه‌والانه‌ش كه باس له سوتاندنی باره‌گایه‌كی به‌ره‌ی توركمانی ده‌كه‌ن، ناوبراو وتی: "دوای په‌لاماره تیرۆریستییه‌كه، گرژییه‌ك له‌نێوان باره‌گایه‌كی به‌ره‌ی توركمانی و خۆپیشانده‌ران دروستبووه كه به‌وهۆیه‌وه زیان به بینای باره‌گاكه گه‌یشتووه و هه‌ندێك مومته‌له‌كات و ئۆتۆمبێلیش سووتاون"، به‌ڵام ئاماژه‌ی به كوژرانی كه‌س نه‌كرد له باره‌گاكه‌دا.
تۆران كه له هه‌مانكاتیشدا جێگری سه‌رۆكی جزبی عه‌داله‌ی توركمانییه، ئاشكرایكرد كه "پشت به‌خوا و به هه‌وڵ و كۆششی پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، توانراوه وه‌زعه‌كه كۆنترۆڵ بكرێت و ڕه‌وشه‌كگه به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه‌ی زیاتر ده‌چێت".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی توركمان وێڕای داواكردنی له خه‌ڵكی كه‌ركوك كه "ڕێگه نه‌ده‌ن هیچ ده‌ستێك ڕه‌وشی شاره‌كه به‌ئاقاری شێواندندا ببات"، ته‌ئكیشیكرده‌وه كه ده‌بێت "پێكه‌وه‌ژیان ئامانجی سه‌ره‌كیمان بێت و ده‌مانه‌وێت پێكه‌وه بژین".
وتیشی: "زه‌ره‌ر و زیانی ماڵیی قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام قه‌ره‌بووی شه‌هید و برینداره‌كان ناكرێته‌وه".
هه‌روه‌ها ناوبراو به‌ناوی به‌ره‌ی توركمانییه‌وه پرسه و سه‌ره‌خۆشیی ئاراسته‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان كرد و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی بۆ برینداره‌كان خواست.
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هاوكات له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی تیرۆریستیی خۆكوژیدا له‌ناو ئاپۆره‌ی خۆپیشانده‌رانی كورد له‌به‌رده‌م پارَزگای كه‌ركوك له چه‌ند شوێنێكه‌وه ده‌ستڕێژی گولله ئاڕاسته‌ی خۆپیشانده‌ران كرا‌و دواتریش له‌نێو خۆپیشانده‌رانه‌وه هێرش كراوه‌ته سه‌ر باره‌گایه‌كی به‌ره‌ی توركمانی له نزیك شوێنی ڕووداوه‌كه.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵیش به‌هۆی ته‌قینه‌وه خۆكوژییه‌كه و ئه‌و توندوتیژییانه‌وه ده‌یان كه‌س شه‌هید و برینداربوون.
سه‌رچاوه/ماڵپه‌ڕی ئاسۆ